ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
بێدەنگی ئامریکا بەرانبەر بە ئینێستێکس
خەلیل محەممەدی
29 / 6 / 2019
یەک هەفتەی ماوە بە کۆتایی هاتنی  ئەو ئۆلتیماتۆمەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە بەگڕخستنی ئینێستێکس ڕوو بە ئەورووپیەکان ڕایگەیاندبوو، ئینێستێکس لە ٢٨ی ئەم مانگەدا لە لایەن وڵاتانی ئەورووپاییەوە خرایە بوواری جێبەجێکردن، گەرچی پێشتر ئەورووپیەکان ئەو ئۆلتیماتۆمەیان ڕەت کردبووە و هٶشداریشیان دابووە ئێران کە ناتوانێت ڕێککەوتنی ئەتوومیەکەی پێشێلبکات و ناتوانێت هێڵە سوورەکانی نێو ڕێککەوتنەکە ببەزێنێت و بە زەرەری تەواو دەبێت.
کاناڵی ماڵی( ئینێستێکس) کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردن، ئەو کاناڵە ماڵیە لە حاڵێکدا کراوەتەوە کە کاربەدەستانی ئامریکا چەندین جار هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە گەر بێتوو ئینێستێکس بکەوێتە بواری جێبەجێکردن ئەوا ئامریکا ناچار دەبێت کە گەمارۆی ئابووری بخاتە سەر ئەو ڕێچارەیەی کە ئەورووپیەکان بۆ مامەڵە لە گەڵ ئێران دایانناوە. پرسیارێکی گرینگ دێتە پێشەوە لێرەدا، بۆچی ئامریکا بێدەنگی هەڵبژاردووە دوای ئەوەی کە ڕاگەیەنرا کە ئینێستێکس کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن؟ گەرچی کاربەدەستانی ئامریکا بە قسە ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەورووپا لە نێوان ئێمە و ئێراندا دەبێت یەکێکمان هەلبژێرێت.
لێرەدا مەبەست لە بێدەنگی، هەڵوێستی کرداریە و بۆ دەستکەوتنی وڵامی ئەم پرسیارە، دەبێ لە دوو گۆشەی فرەڕەهەندی پێکەوە گرێدراو، لە کۆی بابەتی ئینێستێکس و هەڵوێستی ئامریکا بڕوانرێت:
یەکەم گۆشەی چوون بۆ وڵامەکە، گێچەڵ پێکردنی سوپای پاسداران بە هێزەکانی ئامریکا و وڵاتانی ناوچەکەیە، سوپای پاسداران لە ماوەی ئەم دوو مانگەی ڕابردوودا چەندین جووڵەی ترسناکی لە ناوچەکە کرد و چەندین هێرشی ئەنجامدا کە هەم کەشتیە نەوتهەڵگرەکانی کردە ئامانج، هەم هێڵە نەوتییەکانی سعوودیای کردە ئامانج کە گریمانەکان ئەوە بوو کە لە لایەن حووسیەکانی یەمەنەوە ئەو هێرشانە کراوە بەڵام دواجار ڕاگەینرا کە لە نێو عێراقەوە ئەو هێرشانە کراوە، گەورەترین گێچەڵێک کە سوپای پاسداران بە ئامریکای فرۆشتبێت ئەوە بوو کە لە ١٤ی هەر ئەم مانگەدا بە مووشەک لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوورییی ئامریکای دا  و خستیە خوارەوە.
لەم گۆشە نیگاوە کە چاوی لێدەکەی کۆماری ئیسلامی لە ئامادەیی شەڕدایە لە حالێکدا نە جیهان ئامادەی ئەو شەڕەیە و نە وڵاتانی دراوسێی ئێران، نە ئامریکا بۆ خۆیشی ئامادەی ئەو شەڕەیە، هەم لە ڕووی ژیئۆپۆلیتیکیەوە ئێران لە حەوزێکی فراوانتردا توانای جووڵە سەربازی هەیە، بۆ تێگەیشتن لە جووڵە سەربازییەکانی ئێران، هێرشی سەر هێڵە نەوتیەکانی سعوودیا لە بەرچاو بگیردرێت، لە هێرشی سەر هێڵە نەوتییەکانی سعوودیا ئەوە سەلمێنراوە کە تەنانەت دەتوانێت خەڵەتاندنی ستراتیژیکیش بخولقێنێت لە گۆڕەپانی شەڕدا. 
دووهەم گۆشەی چوون بۆ وڵامی بێدەنگی ئامریکا، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئامریکا لە ٢٠٢٠دایە، گەرچی پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٨دا ترامپ دەستی بۆ کەیسی ڕێککەوتنی ئەتوومی لە گەڵ ئێران برد و لە لایەن خۆیەوە هەڵیوەشاندەوە، بەڵام ئەو کات چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە زیاتر لە ساڵێک کۆماری ئیسلامی بەرگەی گوشارەکان بگرێت و ناچاریان دەکات کە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێککەوتنێکی نوێ ئیمزا بکەن کە دەبووە پەڕەیەکی سەرکەوتن بۆ ترامپ، بەڵام ئەو گریمانەیەی کۆشکی سپی درووست دەرنەچووە و کۆماری ئیسلامی نەتەنیا نەهاتووەتە سەر مێزی گفتوگۆ ، خودی وتووێژیش ڕەت دەکاتەوە، لە ئێستادا هاوکێشەکە بۆ لایەنی ئامریکا و لایەنی کۆماری ئیسلامیش کڕینی کاتە، ترامپ ناتوانێت بڕواتە شەڕەوە و دەبێ گوشارەکان لە ئاستی ئێستا زیاتر بەرزتر نەبێتەوە، کۆماری ئیسلامی پەلەقاژەی ٢٠٢٠ دەکات بە هیوای دۆڕانی ترامپ و تیمەکەی لە کۆشکی سپی. 
ئینێستێکس دەلاقەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەورووپاییەکان، لە داهاتوودا بازاڕی ئێران لە گەمە ئابووریەکانی جیهاندا لە بەرانبەر ئامریکا و ڕووسیا و چین دا نەدۆڕێنن چوون ئەورووپا لایەنی براوەی ڕێککەوتنی ئەتوومی لە گەڵ ئێران بوو کە توانی بازاڕی ئێران بگرێتە دەستەوە لە گەڵ وڵاتی چین، بەڵام لە هەمانکاتدا ململانێیەکە لە گەڵ ئامریکا کە گەر ئامریکا وریا نەبێت و بە توندی لە گەڵ وڵاتانی ئەورووپاییدا بجووڵێتەوە، دۆڕاوی هاوکێشەکانی جیهانی سەرمایەداری دەبێت کە وڵاتی چین خەریکە تێیدا سەردەکەوێت. لێرەوە دیسان دەبێ بگەرێینەوە سەر پرسیارەکە و  زیاتریش بچینە پێش کە ئەم بێدەنگیەی ئامریکا  چ واتایەکی هەیە؟ ئایا چرا سەوزێک نیە بۆ ئەورووپا بە مەبەستی کات کڕین، هەر وەک چۆن کۆماری ئیسلامی دەیەوێت کات بکڕێت؟