ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
دەزگیرانبازی لە گەڵ شەهیدان
هاوار مۆدەبێر
14 / 7 / 2020


  • شەڕی نێوان نەریت و نوێگەرایی شەلووپەتکراو، هەلێکی ڕەخساوی گەندەڵی، کلتوورێک بۆ مانەوەی دەسەڵاتێکی تاریکی ستەمکار

ئەم سەردێڕە (دەزگیرانبازی لە گەڵ شەهیدان) وەک دیاردەیەکی نوێ لە کۆمەڵگەدا باسی لێوە دەکرێت کە شتێکی نامۆ و لە هەمان کاتدا نەخۆشینێکی دەروونی نوێیە کە داستانەکەی بەو شێوەیە کە ماوەیەکە هەندێک کچی شۆخ و شەنگ لە گۆڕستانەکان و لە سەر مەزاری کوژراوان (شەهیدان)ی شەڕی ئێران و عێراق بینراون کە خۆیان بە دەزگیران و هاوسەری کوژراو دەزانن.

کەسێک سەردانی مەزاری کوژراوی ناسراوی خۆی کردووە و کچێکی بەسیجیی بینیوە کە لە سەر مەزارەکە دانیشتووە و کاتێک پرسیاری لێکردووە کە لە سەر مەزارەکە بۆ دانیشتوویی، کچەکە جوابی داوەتەوە کە دەزگیرانی ئەو کوژراوەیە، چۆناوچۆنی دەزگیرانی کوژراوی کە کوژراو لە شەڕی ئێران و عێراقدا بە بێ ئەوەی دەزگیران یان ژنی هەبووبێت کوژراوە، کچەکە جوابی داوەتەوە کە ئەوان گرووپێکی گەورەی کچان و ژنانی بەسیجین کە خۆیانیان کردووەتە دەزگیران و هاوسەری کوژراوان.

هاوسەرگیری لە گەڵ شەهیدان لە ئێران، ئێستا وەک دیاردەیەک بووەتە ڕۆژەف و کاردانەوەی بنەماڵەی کوژراوان و خەڵکی لێکەوتووەتەوە، زۆر کەس گاڵتەیان بەم دیاردەیە کردووە هەر بۆیە دەزگای ژنانی بەسیجیش هاتووەتە جواب و خۆی بێبەری کردووە و بێخەبەری خۆیانیان ڕاگەیاندووە.

گەرچی ئەم دیاردەیە تازە نیە و شتێکی کۆنترە کە هۆکاری خۆی هەیە بۆ درووست بوونی، بەڵام ئەوەی کە لای بنەماڵەی کوژراوەکان بووەتە جێگای نیگەرانی ئەوەیە کە ئەو کەسانە ببنە شەریکە ماڵی کوژراوان، یان ئەوەی کە ئەو کچ و ژنانە چاویان بڕیبێتە ئەو ئیمتیازاتانەی کە دەزگاکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ بنەماڵە و کەسە نێزیکەکانی کوژراوان لە بەرچاوی دەگرن.

هەندێک کەسیتر وەک نەخۆشینی دەروونی چاوی لێدەکان و پێیان وایە کە ئەو جۆرە کەسانە لە ڕووی دەروونیەوە تەواو نین بۆ ئەوەی کە خۆیان هێور بکەنەوە یان خۆیان لە ڕووی شەهوانی و سێکسیەوە ئارام بکەنەوە، پەنا دەبەنە بەر گرێدانی ڕۆحی و دەروونیی خۆیان لە گەڵ کەسێکی کوژراودا، ئەویش کوژراوێک کە جوان و پێکەوتوو بێت.

ڕوانگەیەکی تر هەیە کە وەک بیدعە و داهێنانی نوێی مەزهەبی چاوی لێدەکەن، بە باوەڕی ئەوان ئەمە جۆرێکە لە داهێنانی نوێی مەزهەبی کە خەریکە هەر ڕۆژ فراوانتر دەبێتەوە.

هەر کام لەم دیدانە بۆ ئەم دیاردەیە دەتوانێت درووست بێت بەو پێیەی کە:

سەبارەت بەوەی کە لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا، کۆمەڵێک ئیمتیاز و خاڵی جیاواز بۆ بنەماڵەی کوژراوان و کەمئەندامانی شەڕ دابین کردووە کە خۆی لە کۆمەڵێک ئیمتیازاتی مادی و مووچەی باش و پێگەی تایبەت لە دەستخستنی پرۆژەی ئابووری و سەرمایەگوزاری و دامەزراندن بە مووچەی باشەوە لە دامودەزگا حکوومیەکان و هەروەها دەستڕۆیشتوویی بنەماڵە و کەسانی نێزیکی کوژراو لە دامودەزگا حکوومیەکان و شانس و بەختی سەرکەوتن لە پێشبڕكێی خوێندن بە بێ گرفت و مسۆگەربوونی کورسی خوێندن لە ئاستە باڵاکانی خوێندنی زانکۆدا، دەبینێتەوە. ئەم کۆمەڵە ئیمتیازاتانە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە دابین کراوە بووەتە هۆی خولقاندنی نابەرابەرییەک لە کۆمەڵگای ئێران و خەڵک خۆی بە بەشخوراو و ستەملێکراو دەزانیت کە ڕژیم کۆمەڵە ئیمتیازێکی فراوانی بە بنەماڵە و کەسە نێزیکەکانی کوژراوان داوە هەر بۆیە بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو هەستە نابەرابەریە، هەندێک فرتوفێڵ گیراونەتە بەر کە کەسانێک بتوانن لەو ئیمتیازاتانە کەڵک وەرگرن. یەکێک لەو فرتوفێڵانە ئەوەیە کە بەدوور لە چاوی بنەماڵەی کوژراوانەوە کەسانێک دەکرێن بە دەزگیران و ژنی کوژراو و گەندەڵی لە بوودجە و مووچەی دەزگای شەهیدانی کۆماری ئیسلامیدا دەکرێت و بەجۆرێک کە ئاماری مووچەخۆرانی دەزگای شەهیدان دەچێتە سەر و بۆ دابین کردنی ئەو مووچەیە دەبێ بوودجەی زیاتر بڕژێتە سەر حیسابی ئەو دەزگایە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆمەڵێک بەرپرسی باڵا و کەسانێک وەک ئەو کچ و ژنە بەسیجیانە دەستیان لە گەڵ یەکتر تێکەڵە لە گەندەڵیەدا کە وەک تەواوی گەندەڵیەکانی تر لە تەواوی دامودەزگاکانی تری کۆماری ئیسلامی شتێکی جێگای سەرسووڕمان نیە.

دووەم ئەوەیە کە کۆمەڵگەی ئێران زیاتر لە سەدەیەکە کەوتووتە بەردەم پرۆسەی نوێبوونەوەوە بەڵام بەهۆی دەسەڵاتی توێی مەلاکان و ئاخوندەکان، ئەو پرۆسەیە لە بارچوو، گەرچی پرۆسەی نوێگەرایی لەبار چوو بەڵام نوێگەراییەکی نەخۆش و ئیفلیج هەمیشە لە ماوەی ئەم سەد ساڵەی ڕابردوودا تا هەنووکە لە نێو کۆمەڵگەی ئێراندا هەبووە و کۆمەڵگەی ئێران بە پرۆسەیەکی بوار(گُذار)ێکی بەردەوامیشدا بووە کە هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی کە لە بەردەم پرۆسەی نوێگەراییدا بەرخۆدەر بووە و زیاتر نەریتگەرا بووە، لەم پرۆسەی پەڕینەوەی مۆدڕنیتەدا، شەڕێکی بەردەوامی نەریتەکانی کۆمەڵگە و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی لە گەڵ ئەتوارەکانی نوێگەراییدا ووجوودی هەبووە و هەیە، ئەم ململانێ و شەڕە دەمدرێژە کاریگەریی گەورەی لە سەر دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی داناوە، هاوکات دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش وەک دەسەڵاتێکی نەریتگەرای ئایینی، دەورێکی باڵای هەبووە و هەیە و هەیبێت لە پەرەسەندنی کاریگەرییە نەرێنییە دەروونیەکانی ئەم ململانێیەی نەریت و نوێگەراییە ئیفلیجەدا، گەر چاو لە دۆخی دەروونیی تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێران بکەین دەبینین کە بارێکی نائارامی دەروونی بوونی هەیە کە کەشێکی بێهیوایی زاڵبووە بە سەر ئاسۆی ڕوانینیدا لە نێوان نەرتێکی بەرخۆدەری ماوەبەسەرچوو لە گەڵ نوێبوونەوەیەکی ئیفلیجکراوی شەلووپەلدا، کە توانای وڵامدانەوەی ئەم قۆناغەی کۆمەڵگەی ئێرانی نیە، هەر بۆیە دەبینین کە پەنابردنە بەر خەیاڵ، دەبێتە ڕێگایەک بۆ هێور کردنی خۆ، ئەم دەزگیرانبازییە خەیاڵییە، ڕێگایەکە بۆ زاڵبوون بەسەر بێهیواییەک کە دەسەڵاتی دژە نوێگەرای ئایینیی کۆماری ئیسلامی خولقێنەری بووە، بێهیواییەک کە ڕەگەکانی لە ترسەوە هاتووە، ترس لە دەستهەڵگرتن لە نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە بۆ نوێگەراییەک کە بە ئیفلیجکراوی خۆی خزاندووەتە نێو کۆمەڵگە و دەسەڵاتیش زیاتر شەلووپەلی کردووە، لە هەمانکاتدا ترسی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش نیشان دەدات کە تا چ ئاستێک ترسی نوێگەرایی کۆمەڵگەی هەیە و خۆی ناچار دەبینێت کە چنگ بە خەیاڵەوە بگرێت و بیخاتە مێنتالیتەی تاکەکانی کۆمەڵگەوە.

سێیەم، ئەم تووشبوونە بە خەیاڵ (وهم)، لە خەیاڵسازیی بە ئەنقەستی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیەوە دێت، وەهم یان خەیاڵ کە مێژوویەکی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی وەیلانیی مرۆڤ لە سەر زەوی، ئەو کاتەی مرۆڤ خۆی لە جیهانێکی واقیع و ڕاستەقینەی پڕ لە دڕندەیی و بێ پەناییدا دەبینێتەوە، ئەو کاتەی کە ناچار بووە خۆی بە حیکایەتە خولقێنراوە خەیاڵپەروەرییەکانی بسپێرێت بۆ دەربازبوون لە ترس و زاڵبوون بەسەر واقعیەتدا. ئێستا ئەم دەزگیرانبازیە وەهمێکی دەستکردە، ئەم دیاردە نوێیەی دەزگیرانبازی لە گەڵ کوژراوان، لە کۆماری ئیسلامیدا بە ئەنقەستە، کە ماوەی زیاتر لە سی ساڵە کاری لە سەر دەکرێت، شەڕی ئێران و عێراق، بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شەڕێکی پیرۆز و پێویست بوو، ناویشی لێنابوو بە بەرخۆدانی پیرۆز(دفاع مقدس). دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و تایبەت ڕەوتە دەستڕۆیشتووە بناژۆخوازە مەزهەبیەکەی، کەڵکێکی فراوانیان لە شەڕی عێراق و ئێران گرت و مێخسکەی دەسەڵاتی خۆیان بە توندی چەقاندووە، بەڵام ترس لە لەدەستدانی دەسەڵات و بەرژەوەندی، ترس لە دوور کەوتنەوە لە ناوەندی بڕیاری دەسەڵات، ترس لە هەڵگەڕانەوەی خەڵک لە دەسەڵاتی مەزهەبی و کۆمەڵێکی تری ترس، خەیاڵپەروەری و گرێدانی دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێران بوو بە پرۆژەی ستراتیژیک و ساڵانە بووجەیەکی تایبەتیشی بۆ تەرخان کرا و دامودەزگا ئەمنی و سوپای پاسداران و بەسیج و دەزگای شەهیدانی کۆمارای ئیسلامی، بەرپرسیارێتی خەیاڵپەروەری و خەیاڵسازیی خەڵک و تایبەت گەنجان و میرمنداڵان و منداڵانیان لە ئەستۆ گرت بە ناوی کلتوورسازیی بەرخۆدانی پیرۆز. ڕاهیانی نوور کە بە کاروان بەڕێ دەخران بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر جبهەی شەڕ بوون و بە سەدان و هەزاران کەس تێیدا کوژراون، بۆ ئەوەی کە منداڵان و میرمنداڵان و گەنجان گرێدانی ئیحساسی و عاتیفی و سۆزدارییان لە گەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی درووست ببێت. لە ڕاستیدا، ئەو گرێدانە سۆزداریە و ئەو سۆز و عاتیفە خولقاندنە، بڵاو کردنەوەی وەهم و خەیاڵ بووە کە تاکی نەخۆش و دەروون بەزیوو و حەسرەتخۆر درووست بکات کە بە ئاسانی لە بەردەم پرۆژە ستراتیژیەکانی دەسەڵات و تایبەت دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان و تایبەتتر بناژۆخوازیی مەزهەبی خۆی بدات بە دەستەوە.

ئەم خاڵانەی سەرەوە تەنیا دەتوانێت لێکدانەوەیەکی کورت بێت بۆ ئەم دیاردەیە و ئەم وەهمە خولقێنراوە، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی حماقەت و گێلبوونە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خاوەن دەسەڵات و دەسەڵاتداران. بە ئۆستوورە کردنی کوژراوانی شەڕ، پێگەی لە میتۆلۆژی و کلتووری کەونارا و تیۆلۆژیدا هەیە، ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە باشی لە هێز و توانای میتۆلۆژی و کلتوور و باوەڕە کەوناراییەکان و تیۆلۆژی بۆ دەستەمۆ کردنی کۆمەڵگە و خەیاڵاوی کردنی خەڵک تێگەیشتوون هیچ شکێکی تێدا نییە و ئەوەش کە کۆمەڵگە ئێران کەوتووەتە بەردەم کلتووری خەیاڵەوە ئەویش خەریکی لە شکەوە بۆ واقیع دەگۆڕێت، واقعیەت و ڕاستییەک کە تامی تاڵی وەهم و خەیاڵمان پێ دەچێژێت.



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
پەیامی پیرۆزبایی پانزەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
پە‌یامی یه‌كێتیی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی كرێكار
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی