ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
مقالات فارسی
كۆمارێكی ئه‌كسپایه‌ر له‌به‌رده‌م دادگای دیالكتیكی مێژوویی
وه‌حید كه‌ماڵی ئیلامی
12 / 12 / 2018

ڕووداوه‌كان شاراوه‌ نین و ڕۆژانه‌ چه‌ندین هه‌واڵی جۆراوجور له‌سه‌ر شێوازی پێشبردنی پیلان و سیسته‌می گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر به‌ ئێران ده‌بیسین و ده‌خوێنین به‌ڵام ئایا ئه‌نجام و ده‌ركه‌وته‌كان ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ڕواڵه‌ت بیریان لێده‌كه‌ین ؟ ئایا ئه‌و دوانزه‌ خاڵه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكا وه‌ك مه‌رج بۆ ته‌عامول و دانوستان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دانراون چاره‌سه‌ری ناكۆكی و كێشه‌و گرفته‌كانی نێوان ئه‌مریكاو كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كه‌ن ؟ ئایا به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تی ترامپ ته‌نانه‌ت به‌ پێبه‌ند بوونی كۆماری ئیسلامی به‌و خاڵ و مه‌رجانه‌ی كه‌ بۆی دیاریكراون ده‌توانن دانوستانێكی ستراتیژیك و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی بكه‌ن ؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئه‌گه‌ریش بیه‌وێت ئاماده‌یی تیا هه‌یه‌ كه‌ خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌رجانه‌ بگونجێنێت و درێژه‌ به‌ هه‌بوونی خۆی بدات ؟ وه‌ ئایا كه‌یسی كۆماری ئیسلامی كۆتایی كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌ یان به‌ش و قۆناخێكه‌ له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ستراتیژیكی درێژخایه‌ن  له‌لایه‌ن ئه‌مریكا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ؟ و پرسیاری دیكه‌ له‌م بواره‌دا ...

بیل كلینتون سه‌ڕۆكی پێشووی ئه‌مریكا له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی وتاری ده‌ستپێكی سه‌ده‌ له‌ سه‌ری ساڵی 2000 ئاماژه‌ی دا به‌ سیاسه‌تی سه‌ده‌ی ولایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ قه‌ڕنی بیست ویه‌ك و له‌ ناو وتاره‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند ؛ " به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ سیاسه‌تی سه‌ده‌ی ئه‌مریكا بۆ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك دیموكراتیزه‌كردنی وڵاتانی دونیا به‌تایبه‌ت وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌و هه‌تا نیوه‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ كێشمه‌كێشه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و ورده‌ ورده‌ دوای ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌ ستراتیژییه‌كان له‌دایك ده‌بن " .

هه‌روه‌كو دیمان ده‌ستپێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ لاوازترین ئه‌ڵقه‌و ئامانج  واته‌ وڵاتی ئه‌فغانستان و شكاندنی هه‌ژموونی تالیبان ده‌ستێپێكرد و  گه‌یشته‌ وڵاتی عیراق و به‌هاری عه‌ره‌بی و لیبیا وسوریه‌و یه‌مه‌ن و ئێستا به‌ڕۆكی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی گرتووته‌وه‌ . هه‌رچه‌نده‌ دوای ئه‌و هه‌موو گوڕانكاریانه‌ی له‌م وڵاتانه‌ ڕوویانداوه‌ تا ئێستا هیچكامیان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ سه‌قامگیرییه‌كی ته‌واو و زۆر قه‌یران و بابه‌تی چاوه‌ڕوان نه‌كراویش له‌ ناویان خوڵقاون به‌ڵام خودی ئه‌م وه‌زعه‌پرسیارێكی دیكه‌ دێنیته‌ ئاراوه‌ كه‌ بۆچی دیالكتیكی گوڕانكارییه‌كان له‌جیاتی گه‌یشتن به‌ سه‌قامگیری و ئاسایش ، قه‌یران و كێشه‌و گرفتی به‌رهه‌م هێناوه‌؟

وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌توانێت ئه‌مه‌ بێت كه‌ لێكه‌وته‌كانی نزیك به‌ دو ده‌یه‌ كێشمه‌كێش له‌ نێوان هێزه‌ سه‌ره‌كی و ڕه‌قیبه‌كان له‌دونیاو له‌ ناوچه‌ی خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی وزه‌ واته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌ره‌نجامی هه‌مان نئوپۆلۆتیك و پێناسه‌و پێشبردنی سیاسه‌تی سه‌ده‌ی ئه‌مریكایه‌و سیسته‌می جێهانی پێشوو به‌ هه‌موو هێزی خۆیه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ری هه‌ژموونی خوازی ڕه‌های ئه‌مریكا به‌سه‌ر دونیا خۆڕاگری ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات له‌لایكه‌وه‌ نه‌زم و نیزام و هاوسه‌نگی پێشوو ڕابگرێت و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌ره‌نجامی سیاسه‌ته‌كاتی ئه‌مریكا له‌ وڵاته‌جیاوازه‌كانی دونیا به‌تایبه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست قه‌یران و نائه‌منی بێت نه‌ك سه‌قامگیری له‌و وڵاتانه‌و ده‌سكه‌وت بۆ ئه‌مریكا. ڕاستییه‌كانی پشت په‌رده‌ی سیاسه‌تی لایه‌نه‌كانی ڕه‌قیب هه‌رچی بێت به‌ڵام چه‌شنی ڕووداوه‌كان ئه‌مانگه‌ینێته‌ ئه‌م بۆچوونانه‌ی خواره‌وه‌ كه‌ :

-ئه‌مریكا به‌ شێوازێكی نافه‌رمی و ڕانه‌گه‌یندراو له‌نیزام و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌ش و هاوسه‌نگی دونیا خۆی خزاندووته‌ ده‌ره‌وه‌و ده‌رچوونی ئه‌مریكا له‌ چه‌ندین ڕێككه‌وتن و په‌یماننامه‌و پرۆتوكوڵی جیهانی نیشانده‌ری ئه‌مه‌ن كه‌ ئه‌مریكا چیتر نایه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌ش و هاوسه‌نگ به‌شداری له‌ مودیرییه‌تی جیهانی بكات .

- ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕی ئابووری هاوكات له‌گه‌ڵ زلهێزه‌ئابوورییه‌كانی دونیا و دارشتن و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی نوێ ئابووری له‌لایه‌ن واشنگتونه‌وه‌ له‌سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ و سه‌روه‌ری دراوی دولار له‌ ئابووری و تیجاره‌تی جیهانی نیشانده‌ری ئه‌ویه‌ كه‌ ئه‌مریكا پێناسه‌یه‌كی خۆپه‌سه‌ند و جیاوازی هه‌یه‌ بو شێوازی مودیرییه‌تی ئابووری جیهانی و له‌م مودیله‌ تازه‌یه‌ ئه‌مریكا به‌دوای شه‌ریك و هاوبه‌شی باشی ئابووری ناگه‌ڕێت به‌ڵكو موشته‌ری وكریار و بازاری باشی كردووته‌ ئامانج كه‌ زیاتر له‌ باج وه‌رگرتن له‌ ئه‌مریكا ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی مالی و دارایی و به‌هێزتر كردنی هه‌ژموونی ئابووری ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئابووری جیهان.

-ئه‌مریكا به‌ زیاتركردنی گه‌مارۆكان بۆسه‌ر ڕوسیا و زیاكردنی باج له‌سه‌ربه‌رهه‌م و هه‌نارده‌كانی وڵاتانی ڕه‌قیب  وه‌كو چین و خاڵی كردنی ژێرپێ یه‌كێتی ئه‌ورۆپاو ترساندن و تۆقاندنی وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌نداو له‌مه‌ترسییه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامی و به‌ده‌ستگرتنی ده‌ماری ڕێكخراوی ئۆپێك و سه‌پاندنی سیاسه‌ته‌كانی به‌سه‌ر وڵاتانی به‌رهه‌م هێنه‌ری وزه‌ ئه‌یه‌وێت ئه‌م په‌یامه‌ بدات به‌ هه‌موو وڵاتانی جیهان كه‌ یان ده‌بێ له‌ژێر چه‌تری ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریكا هه‌نگاو هه‌ڵگرن به‌ره‌و داهاتوو یاخود لاواز بوون و چوون به‌ پێشوازی ڕووخان هه‌ڵبژێرن .

كۆبه‌ندی وته‌كانی سه‌ره‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌ ئۆتوماسیوونێكی (جه‌هش ) به‌هێز و خێرا خۆی له‌ نیزامی پێشوو ڕزگار كرد و به‌م هه‌نگاوه‌ شۆكێكی گه‌وره‌و به‌هێزی دا له‌ هه‌یكه‌لی ڕه‌قیبه‌كانی كه‌ ڕه‌هه‌ندو كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م شۆكه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیك  زیاتر دیار ده‌بن .

هه‌ڵكه‌وتی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش له‌ پێناسه‌ و سیاسه‌تی نوێ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا بۆ جیهان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین چیتر وه‌ك ڕابردوو ناڕوون و شاردراو نیه‌ و ئێرانیش یه‌كێكه‌ له‌ئامانجه‌ ناوچه‌ییكانی ئه‌مریكا و ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ئامانجه‌ گشتییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ و به‌له‌به‌رچاو گرتنی سیاسه‌ت و كردار و وته‌كانی ئه‌ندامانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی ترامپ ته‌نها دو ڕێگاو هه‌ڵبژارده‌ له‌پێش كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه‌ : " یان ملكه‌چی سیاسه‌ت و داواكارییه‌كانی ئه‌مریكا بێت  یان تا كاتی ڕووخان خۆڕاگری بكات ".

ئه‌وه‌ی كه‌ ئاشكرایه‌ كۆماری ئیسلامی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش بیه‌وێت 12 داواكارییه‌كی ئه‌مریكا جێبه‌جێ بكات دیسان پێناكرێت و جیاواز له‌ هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كان ،له‌ ڕاستیدا وڵاتانێك وه‌ك ڕوسیا ئیجازه‌ی ڕه‌خسانی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی پێناده‌ن و به‌ڕای من ده‌وڵه‌تی ڕوسیا چه‌نده‌ش بۆی قورس و گران بێت تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ كه‌ هێز و توانای بێت هه‌وڵده‌دات هه‌ژموونی خۆی ته‌نانه‌ت له‌هه‌لومه‌رجێكی وه‌ك سوریه‌ له‌ ئێران و له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی قه‌یراناوی بپارێزێت تاوه‌كو ئێران له‌ ده‌ستی ده‌ربچێت به‌ڵام ئایا تاچه‌نده‌ ئه‌مه‌ی پێبكرێت بابه‌تێكی جیاوازه‌و ده‌بێ له‌ داهاتوو ئه‌م بابه‌ته‌ بخرێته‌ به‌رباس، بۆیه‌ ده‌توانین بڵه‌ین له‌ ململانی نێوان ئه‌مریكاو ئێران  ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسڵامی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ناتوانن بڕیاری سه‌ربه‌خۆ و بێ ویستی روسیا بده‌ن و ئه‌گه‌ر شتی جیاواز له‌مه‌ ڕووبدات به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ڕوسیا ده‌زانێت ئه‌گه‌ر ئێران بكه‌وێته‌ باوه‌شی ئه‌مریكا گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زۆر سه‌خت و به‌جۆرێك نامومكین ده‌بێت بۆیه‌ به‌هه‌موو هێزی خۆی هه‌وڵی تێكدانی باردوخی ناخۆی ئێران ده‌دات و دوور نیه‌ بیكاته‌ ساحه‌ی شه‌ڕێكی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بۆیه‌ ئه‌مریكاش ئه‌م بابه‌ته‌ باش ده‌زانێت و ده‌كرێت وا بوترێت كه‌ گه‌مارۆوه‌ قورسه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ڕوسیا هاوكات له‌گه‌ل گه‌ماڕۆكانی سه‌ر ئێران هه‌نگاوێكه‌ له‌ ڕاستای لاوازكردنی ڕوسیا له‌ داهاتوو و كاتی ئه‌نجام دانی كرداری كۆتایی له‌دژی كۆماری ئیسلامی ئێران.

قۆناغی دووه‌می گه‌مارۆكان دژی كۆماری ئیسلامی ده‌ستێپێكردووه‌ و هه‌لومه‌رجی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ زیاتر قه‌یراناوی ده‌بێت تایبه‌ت بۆ خه‌ڵكی كه‌م ده‌رامه‌د و چینی مامناوه‌ند و له‌ولاوه‌ش لایه‌نگران و شاخ و باڵه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ ناوخۆ و له‌ ناوچه‌كه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر به‌ ئاشكرا ده‌ری نابڕن به‌ڵام تووشی شۆك و دڵه‌ڕاوه‌كییه‌كی جیدی بوونه‌ته‌وه‌ به‌ نیسبه‌ت داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی و كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر چاره‌نووسێكی نادیار . هه‌تاكۆ ئێستا كۆماری ئیسلامی به‌ ڕواڵه‌ت ملكه‌چی ویسته‌كانی ئه‌مریكا نه‌بووه‌و ئه‌وه‌ی دیاره‌ هه‌وڵه‌ بێوچانه‌كانی دیپلۆماتكاره‌كان و لۆبییه‌كانی ئێران له‌ دونیای پشت په‌رده‌ی سیاسه‌تیش بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریكا نه‌گه‌شتووته‌ ئه‌نجام و ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا سوور بێت له‌سه‌ر 12 خاڵه‌ دیاریكراوه‌كه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئێران ، پێناچێت ئێران بتوانێت به‌ ڕیگاو فێڵی دیپلۆماتێك خۆی له‌سه‌ر مێزی گفتوگو له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ببینێت مه‌گه‌ر گفتگو بۆ ته‌سلیم بوون بكات.

كارته‌كاتی ئێران له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مریكا چین ؟

وه‌ك ئاشكرایه‌ كۆماری ئیسلامی له‌ماوه‌ی ژیانی خۆیدا توانیوییه‌تی چه‌ند قه‌باره‌یه‌كی سیاسی – سه‌ربازی وه‌ك حیزبولای لوبنان و حه‌شدی شه‌عبی و حوسییه‌كان و هتد له‌ چه‌ند وڵاتی ناوچه‌كه‌ دروست بكات و هێزیان پێ ببه‌خشێت ، هه‌روه‌ها كارتی هه‌ڕه‌شه‌كردن سه‌باره‌ت به‌ داخستنی گه‌ڕۆی هورموز (چه‌ند كاتی و كورت ماوه‌ش بێت ) به‌ده‌ستییه‌تی . ئێران هێزی سه‌ربازی خۆی له‌ سوریا جێگر كردووه‌و ئه‌وه‌نده‌ توانیوییه‌تی په‌ره‌ به‌ سیسته‌می موشه‌كی سه‌ربازی خۆی داوه‌و ته‌قریبه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕێكخراوه‌ توندڕه‌و و تروریستییه‌كانی دونیا په‌یوه‌ندی ئۆرگانیك و توندوتوڵی ساز كردووه‌و ئۆپۆزوسیوونێكی لاواز و په‌رژو بڵاوه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ته‌نها هێزێكی به‌هێزی نه‌یاری كۆماری ئیسلامی ڕه‌نگه‌ به‌ زه‌بری زوور ڕێكیان بخات یان یه‌كگرتوویان بكات .هه‌روه‌ها وڵاتانێك وه‌ك ڕوسیا و چین (هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا له‌ قۆناخی جیاواز ئێرانیان وه‌ك كارت به‌كار هێناوه‌ ) وه‌ك پاڵپشتی خۆی ده‌بینێت . به‌ڵام ئایا هه‌موو ئه‌م فاكته‌رانه‌ ده‌توانن له‌ درێژخایه‌ن به‌ربه‌ست بن له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌مریكا له‌به‌رانبه‌ر كۆماری ئیسلامی گرتووته‌ به‌ر ؟

به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی تواناكانی ئه‌مریكا و ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ پێناو مانه‌وه‌و پاراستنی خۆیان بوونه‌ به‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له‌ بواری سه‌ربازی و مالی و دیپلوماسی و...زۆر ئاشكرایه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی یه‌كه‌م له‌ بواری سه‌ربازی ناتوانێت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ خایه‌ن خۆی ڕابگرێت له‌ به‌رانبه‌ر به‌هێزترین ته‌كنولوژیای سه‌رده‌م و توانا مووشه‌كی و سه‌ربازییه‌كانی له‌ماوه‌یه‌كی كۆرت تووشی شكستی مێژوویی و له‌ناوچوون ده‌بن و شاخ و باڵه‌كانیشی وه‌ك حیزبولای لوبنان و ... چاره‌نووسێكی باشتریان له‌ هێزی سه‌ربازی ئێران نابێت . له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وڵاتێك وه‌ك روسیا هه‌رچه‌نده‌ له‌بواری سه‌ربازی له‌دوای ئه‌مریكایه‌ به‌ڵام سیسته‌می ئابووری ناخۆش و هه‌لومه‌رجی ناله‌باری ناوخۆییه‌كه‌ی ده‌رفه‌تی ئه‌م ڕیسكه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ی پێنادات كه‌ ته‌مام عه‌یار بتوانێت پشتگیری له‌ ئێران بكات و پێشوه‌خته‌ بۆ هه‌موولایه‌ك ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ئه‌گه‌ری ڕوودانی شه‌ڕ كۆماری ئیسلامی لایه‌نی دۆڕاوه‌و لێدانی ئێران چه‌ندین جار قورستر و وێرانكه‌رتر ده‌بێت له‌ لێدانه‌كه‌ی ڕژیمی به‌عسی سه‌دام و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هێزه‌ چه‌كداره‌ لۆكاڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی ناو ئێران ده‌توانن گورزی كوشنده‌ بوه‌شینن له‌ هه‌یكه‌لی سه‌ربازی ناوخۆی كۆماری ئیسلامی و به‌و شێوه‌یه‌ نه‌ هیزی سه‌ربازی خۆی و نه‌ میلیشیا چه‌كداره‌كانی له‌ ماوه‌یه‌كی كورت تووشی شكستی گه‌وره‌ ده‌بن و هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی بیه‌وێت هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات كه‌ په‌نا بباته‌ شێوازی شه‌ڕی پارتیزانی به‌ڵام ئه‌م ڕێكاره‌ش ناتوانێت زۆر كاریگه‌ر بێت له‌مانه‌وه‌ی ئه‌م كۆماره‌ .

ئه‌مریكا گه‌مارۆكانی له‌سه‌ر ئێران زۆر به‌ جیددی پێشده‌بات و قوناغ به‌قوناغ له‌ئه‌گه‌ری ملكه‌چ نه‌بوونی كۆماری ئیسلامی زیاتر و فراوانتریان ده‌كات و هه‌وڵده‌دات تا پێبكرێت پێكدادانی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئێران ڕوونه‌دات چوونكه‌ باش ده‌زانێت كه‌ ئێران بۆ قورتاركردنی خۆی له‌م باردۆخه‌ و تێكدانی نیزامی گه‌مارۆكان و به‌ لاڕێ بردنی پرۆسه‌ی گه‌مارۆكان له‌ئه‌گه‌ری بێ ئۆمێد بوون له‌ گفتگو له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ هێزی ماوه‌ته‌وه‌ هه‌وڵی داگیرساندنی شه‌ڕێكی فه‌رسایشی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌دات كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ڕووبدات شتێك له‌ پیلان و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌مریكا ناگوڕێت و ته‌نها تێچوو و كاتی گه‌یشتن به‌ ئامانج بۆ ئه‌مریكا زیاتر ده‌بێت . بۆیه‌ ئه‌مریكا تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ توانای دارایی كۆماری ئیسلامی زۆر لاواز ببێت و ئێتر نه‌توانێت به‌ پشتوانه‌یه‌كی مالی و دارایی به‌هێز پاڵپشتی میلیشیاكانی په‌یوه‌ست به‌ خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ بێت و  شه‌ڕی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بكات و باردۆخی ناوخۆیی و خه‌ڵكی ئێران بگاته‌ ئه‌و په‌ڕی خرابی به‌جۆرێك كه‌ به‌شێوازێكی جیددی بیر له‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی بكه‌ن  دریژه‌ به‌ سه‌پاندنی گه‌مارۆكان ده‌دات و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش شه‌ڕی ئابووری و دیپلۆماتێكی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی پاڵپشتی كۆماری ئیسلامیش ده‌كات .

به‌ داخستنی ده‌رگا تیجارییه‌كان و به‌ستنه‌وه‌ی شاده‌ماره‌كانی داهات ورده‌ ورده‌ هێزی ئابووری و دارایی كۆماری ئیسلامی به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت و كۆماری ئیسلامی چیتر ناتوانێت وه‌ك جاران ده‌ستوه‌ربداته‌ وڵاتانێك وه‌ك سوریا و یه‌مه‌ن و ته‌نانه‌ت عیراق و به‌رده‌وام بوونی ئه‌م وه‌زعه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ زۆربه‌ی هێزه‌ میلیشیاكانی سه‌ربه‌ ئێران هه‌وڵی گۆڕینی به‌ره‌و پاڵپشتی خۆیان بده‌ن و ورده‌ ورده‌ ته‌نها له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خۆیانیش بێت واز له‌ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی بێنن . له‌ ناوخۆی ئێرانیش سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپه‌ڕینه‌كانی چینه‌ جیاوازه‌كان و نه‌ته‌وه‌كان چی له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافی ئابووری و چی له‌ پێناو مافی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌میكه‌ ده‌ستی پێكردووه‌و به‌شێكی زۆری دارایی و سه‌روه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌پێناو سه‌ركۆتی خه‌ڵكی ناڕازی و ئوپۆزیسیونی ناوخۆ هه‌زینه‌ ده‌كرێت و ئه‌م تێچووه‌ هه‌ركو ده‌چێت زیاتر ده‌بێت و به‌ نه‌مانی داهاتی نه‌وت و گاز و تیجاره‌تی ده‌ره‌كی به‌هۆی گه‌ماڕۆكان و ناته‌وانی ده‌سه‌ڵات له‌ دابین كردنی مووچه‌ و بژیوی بۆ هێزه‌كانی له‌ ناوخۆ ده‌بێ شایه‌تی هه‌ڵوه‌رینی به‌شیكی زۆر له‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌ ناوخۆییه‌كانی كۆماری ئیسلامی بین .

ئه‌مریكا ناچاره‌ بۆ گوڕینی هه‌ڵسوكه‌وتی كۆماری ئیسلامی له‌ قۆناغی یه‌كه‌م  شاخ و باڵه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م ڕژیمه‌ ببڕێت و كۆماری ئیسلامی بگه‌ینێته‌ هه‌لومه‌رجێك كه‌ ته‌نها بیر له‌ مانه‌وه‌و به‌رده‌وامی خۆی بكات و ئه‌و كات له‌ قۆناغه‌كانی دیكه‌ هه‌یكه‌ل و ناوه‌ڕۆكی حاكمیه‌تی ئێران تووشی گوڕانكاری مه‌به‌ست بكات .

دیاره‌ دو قوناغی گه‌مارۆكان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌موو بواره‌كان مه‌به‌ستی خۆیان پێكاون و كاریكه‌ریان له‌ سه‌ر ئیراده‌ی خه‌ڵكی ئێران بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر گوڕینی چه‌شنی ده‌سه‌ڵات داناوه‌و له‌ولاوه‌ش ده‌سه‌ڵات و هه‌یكه‌لی كۆماری ئیسلامیی تووشی شڵه‌ژان و ترسی جدی كردوه‌و به‌رده‌وامی و زیاتر بوونی گوشار و گه‌مارۆكان هه‌ربه‌و شێوه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌ی واشنگتون ماوه‌یه‌ك جارێك پێداگری له‌سه‌ری ده‌كات ، بێ گۆمان هانی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی به‌ره‌و كۆتایی ده‌دات .

ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بی بۆ ئاینده‌ی نزیك چاوه‌ڕیی بین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی ورده‌ ورده‌ سه‌نگه‌ره‌كانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین له‌ ده‌ست ده‌دات و به‌ داڕمانی ئابووری و پیشه‌سازی و له‌ ده‌ست دانی سه‌رچاوه‌كانی داهات و وڵاته‌پاڵپشته‌كان و شاخ و باڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو هێزی خۆی ته‌رخان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ كونتروڵكردنی ناوخۆی ئێران درێژه‌ به‌ ژیانی خۆی بدات.

له‌ بیرمان نه‌چێت سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ لایه‌نه‌كانی ناو حاكمییه‌تی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی لێدانی ئیسراییل و ئامانجه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و كۆماری ئیسلامی هه‌نگاوێكی له‌وشێوه‌یه‌هه‌ڵگرێت بێگومان گه‌له‌كۆمه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌و گرانی سه‌ربازی ده‌كرێته‌ سه‌رخۆی و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌و ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی و ئیسراییل زۆر زووتر له‌ ده‌ستپێكردنی گه‌مارۆكان دژی ئێران پیلانێكی تۆكمه‌و كوشنده‌ی سه‌ربازییان ئاماده‌ كردووه‌ بۆ ئه‌گه‌ری هه‌رچه‌شنه‌ كردارێكی له‌و شێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی یان كلك و باڵه‌كانی له‌ناوچه‌كه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئیداره‌ی واشنگتون بۆ كاتی ڕوودانی هه‌رچه‌شنه‌ گوڕانكاری له‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی و ئێران ده‌بێ له‌هه‌موو بواره‌كان ئه‌لته‌رناتیڤی ببێت كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ش به‌ گوێره‌ی زانیاری و داتاكان دیاره‌ ده‌مێكه‌ خراوه‌ته‌ به‌ر باس و هه‌نگاوی كرداریشی بۆ هه‌ڵگیراوه‌و هێماكان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌قریبه‌ن هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی چوارچێوه‌ی ئێران خۆیان له‌ سیسته‌می حوكمرانی داهاتووی ئێران ده‌بیننه‌وه‌و " كورد " ڕۆلێكی ئه‌كتیڤ و سه‌ره‌كیی ده‌بێت له‌م پرۆژه‌یه‌... %



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
مقالات فارسی
چرا برجام اروپایی ؟
اولویت علم بر ثروت در نگرش نوین به قدرت
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی