ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
ژن وەک پاسەوانی سیستەمی توندوتیژی پیاوسالاری
خەلیل مۆحەممەدی
25 / 11 / 2020

🔸کورتە نووسینێک بۆ بینینی بناغەی دنیایەکی پڕ توندوتیژ دژ بە ژنان

مرۆڤ سرووشتێکی توندوتیژی هەیە، سرووشتی توندوتیژ بۆ مانەوە و بەدەستهێنان و داگیرکردن و خۆسەپاندنە، توندوتیژی و توندوتیژبوون بەشێکی لە پێکهاتەی سرووشت، ئەوەی کە لە ڕەوتی ژیانی گیانلەبەران و پرۆسەی ئیڤۆلۆیشندا، هێمن بووبێت یان توندوتیژیی نەنواندبێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان نەیتوانیوە درێژە بە ژیانی خۆی بدات و سڕاوەتەوە، ئەوی کە تا ئەمڕۆ لە سەر گۆی زەوی ماوەتەوە خاوەن تایبەتمەندی توندوتیژیە و هەر ئەو تایبەتمەندیە زامنی هێز و زیندوو مانەوەی بووە.

جیاواز لە سرووشت و تایبەتمەندیی جانەوەری و ئاکاری دڕندەیی گیانلەبەران، مرۆڤ وەک گیانلەبەرێک لە نێو هەموو جانەوەر و گیانلەبەرەکانی تر، خاوەن تایبەتمەندیی جیاوازی بیرکردنەوە و یاسادانان و یاسا سەپاندن و کلتوورسازیە. بەرهەمی ئەم فاکتەرە مرۆییانە دامەزراندنی سیستەمی سیاسی کلتووری و کۆمەڵایەتی و دواجار سیاسیە کە بناغەی ئەم سێ سیستەمە لە سەر خاوەندارێتی و ئابووری و سەرمایەیە.

ئەو تایبەتمەندییەی خاوەندارێتی و مڵکداریە، بەرهەمی هاوبەشی ژن و پیاوە وەک کۆی مرۆڤ، بۆ داگیرکردن و خۆسەپاندن و بەدەستهێنانی مڵک و سەرمایە و بوون بە خاوەن مڵک. هێز ڕۆڵی یەکەمی بینیووە لە دامەزراندنی مڵکداری و بەخاوەن دەرکەوتنی مڵک، کەڵەکەبوونی سەرمایەی لێ دەکەوێتەوە و دواجار ئەم کەڵەکە بوونەی سەرمایە هێز درووست دەکات.

خاوەن هێز، یاسادانەر دەبێت، سیستەم لە سەر یاسا و باوەڕ و ئایین دادەمەزرێت، لێرەوە کە سیستەم دادەمەزرێت، پیاو بە حوکمی سرووشتی خۆی، هێزی زیاتری هەیە، دەبێتە خاوەن سیستەم و یاسای پیاوانە دەسەپێنێت، ژن یەکەم قوربانی سەپاندنی یاسای مڵکداری و خاوەنداری و کەڵەکە بوونی سەرمایەیە.

سەرمایە، فریودەرە، بەهێزە، داگیرکەرە، دەسەڵات سەپێنە. سەرمایە لای پیاوە، پیاو دەبێتە خاوەنی ژن، ژن فریوخواردووی سەرمایە دەبێت، هێزی بەسەردا دەسەپێت، داگیر دەکرێت و لە نێو سیستەمی پیاوسالاریدا دەتوێتەوە، ژن لە سرووشتی مرۆڤ بوونەوە دەگۆڕدرێت بۆ مڵک، مڵکی پیاو. لەوە بەدواوە ژن بۆ خۆی دەبێتە پارێزەری مڵکداری پیاو و سیستەمی پیاوسالاری بەهێزتر دەکات بە قەبووڵ کردنی خۆسەپاندنی پیاو لە ڕێگەی فریودەرانەی سەرمایە و مڵک و دەسەڵاتەوە.

لە ئێستادا دوای هەزاران ساڵ، ژن ئیتر ئەو ژنە نیە کە کەسایەتییەکی ئازادی مرۆڤانەی هەبوو بێت، وەک دایکێک، سالاری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بێت، بەڵکوو بووە بە مڵک و بووە بە پاسەوانی سیستەمی پیاوسالار. سیستەمی پیاوسالاریش بە هەبوونی سەرمایە و سەپاندنی یاسا و نەریت و ئایین، توانایی بەکارهێنانی توندوتیژی لای خۆی کەڵەکە کردووە و لە سەر ئەو فاکتەرانە، ڕەوایی داوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی، ژن بۆ خۆی بوو بە قوربانی ڕەوایەتی یاسا و نەریت و دین و باوەڕە پیاوسالارییەکان لە هەیکەلی سیستەمی کلتووری و کۆمەڵایەتی سیاسی.

تا کاتێک ژن وەک مڵک مامەڵە لە گەڵ خۆی بکات، پیاو دەست لە مڵکداری و هزری خاوەندارێتی هەڵناگرێت، پێێ لار دانان لە سیستەمی پیاوسالاریدا وەک نافەرمانی و وەک ناسپاسی و بێئەمەکی پێناسە دەکرێت کە تەنیا بە توندوتیژی نواندن هێزی خۆی دەسەپێنێتەوە، ژنی خاوەن هزری پیاوسالار زیاتر هێزی پیاو و سیستەمی پیاوسالاری و ڕەوایەتی توندوتیژی دەسەپێنێت.

بۆ دەرچوون لەو دۆخە، چارەسەر، گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای مرۆڤ بوون و ئاوەز بە هەبوونی یەکسانی ماف لە هەموو بوارێکدا بە بێ کۆیلە بوون بۆ دەسەڵات و سەرمایە. تا کاتێک ژن وەک مڵک، پیاو بە خاوەنی خۆی ببینێ و حەزەکانی بۆ سەرمایە ڕازاوە و دەسەڵاتە فریودەرانەکەی پیاو هەبێ، ڕزگاربوون لە توندوتیژی سیستەمی پیاوسالارانە ئەستەمە. بۆ تێپەڕبوون لە نەریتە باوەکانی سیستەمی پیاوسالاری، ژن نابێ پارێزەری ئەو نەریتە بێت، ئەوەی لە ئێستا لەلایەن ژنانەوە دەبینرێت لە کۆی کۆمەڵگەی مرۆڤ، ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕزگار بوون لە توندوتیژی نابیننرێ چوون حەزی خۆبەدەستەوە دان زۆر زیاتر لە خولیای سەربەستی و هاوشانیە.




بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
خەڵک و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هەڵبژاردن گەیشتوون بە یەک خاڵی هاوبەش
ستراتیژی خامنەیی بۆ بەردەوامی لە دەسەڵاتی دیکتاتوری
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی