ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
خەونی ئێران بۆ فرۆشتنی چەك، دوای تەواوبوونی ئابڵوقەی سەربازی
سامان حەسەنخاڵی
1 / 12 / 2020

لەگەڵ كۆتاییهاتنی قۆناغی ئابڵوقە سەربازییەكان لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێران بە مەبەستی باشتركردنەوەی دۆخی ئابووریی وڵاتەكەی خەیاڵی فرۆشتنی چەكوچۆڵی لەسەردایە و تا ئێستاش هیچ كڕیار و خوازیارێكی وای بۆ پەیدا نەبووە.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ئێران تەنیا باس لە دەرفەتێكی گەورە و زۆر باش دەكەن كە لە ڕۆژی 27ی ڕەزبەری ئەمساڵدا بۆ ئێران هەڵكەوتووە. واتە لەو ڕۆژەدا ئابڵوقەی سەربازی سەر ئێران لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە كۆتایی پێ هات.

٥ ساڵ لەمەوبەر هەر لەم ڕۆژەدا ئێران ڕێككەوتنامەی نێونەتەوەیی چالاكی ئەتۆمی واتە "برجام"ی لە شاری ڤیەنا ئیمزا كرد. حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ئەو كاتە (برجام)ی بە سەركەوتنێكی دیپڵۆماتیكی گەورە ناو برد كە تەنیا ٣ ساڵ خۆی ڕاگرت و ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن سەرۆك كۆماری ئەمریكا دۆناڵد تڕامپەوە بە شێوەیەكی تاك لایەنە هەڵوەشێنرایەوە. هەر ئەو كاتە تڕامپ بە مەبەستی ئەوپەڕی گوشار خستنە سەر ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی خۆیدا خوازیاری درێژەپێدانی ئابڵوقەی سەربازیی سەر ئێران بوو كە نەگەیشتە ئەنجام، لە بەر ئەوەی لە نێوان ١٦ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تەنیا ئەمریكا و كۆماری دۆمێنیكان هاوڕای ئەو بڕیارە بوون.

شایانی باسە كە ئابڵوقەی سەربازی لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی لە دژی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستی پێ كرد و كڕین و فرۆشتنی كەل‌وپەلی سەربازی لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە ئێران قەدەغە كرا. واتە دوای ماوەی ١٣ ساڵ ئەو ئابڵوقانە كۆتایی پێ هات و ئێستا ئێران بە شێوەیەكی یاسایی دەرفەتی كڕین و فرۆشتنی چەكوچۆڵی بۆ هەڵكەوتووە.

لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە لە مانگی ڕابردوودا ژمارەیەك وەزیر و پەرلەمانتار و نووسەری فەڕانسی بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكی هاوبەش لە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕانسەدا، وێڕای هۆشداریدان لە مەترسییەكانی كۆتاییهاتنی ئەو ئابڵوقانە، فرۆشتنی چەك بە ئێرانیان وەكو هەڵەیەكی گەورەی ستراتیژیك ناو بردووە.

لە ڕاستیدا لابردنی ئابڵوقە سەربازییەكانی ئێران و دەسپێكردنەوەی دووبارەی كڕین و فرۆشی چەك‌وچۆڵ لە لایەن ئەو وڵاتەوە ئاكامێكی مەترسیداری دەبێت. بۆ نموونە دەتوانم ئاماژە بە پەرەسەندنی زیاتری شەڕ و نائارامی و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت ئێراق، سوریە، یەمەن و لوبنان بكەم. هەروەها قەیرانی ناوخۆیی و سیاسی و دیپلۆماتیكی زیاتریشی لێ دەكەوێتەوە.

دەستئاوەڵەیی ئێران بۆ عەمبار كردنی كەلوپەلی سەربازی دەتوانێت كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبێت لە سەر دۆخی گوزەران و هەژاریی خەڵكی ئێران. یەكێك لە هۆكارەكانی قەیرانی ئابووریی ئێرانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بەشێكی زۆری سەروەت و دارایی ئەو وڵاتە لە عەمباركردنی چەك‌وچۆڵ و چالاكییە سەربازییەكان ڕژێم لە دەرەوەی سنوورەكانی خەرج دەكرێت.

هەلێكی نوێ بۆ بازرگانی چەكوچۆڵ

هەر لە مانگی ڕابردوودا حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند: "لە سایەی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی كە لە دەوڵەتی مندا ئیمزا كراوە، لەمەودوا دەتوانین كەل وپەلی سەربازی بە هەر وڵاتێك بفرۆشین یان لە هەر وڵاتێك بكڕین".

"حوسەینی دەلیریان" ڕۆژنامەوان و كارناسی بەرگری و ئەمنیەتی ئێران لە تویتێری خۆیدا گوتی: "بە پێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی بەرگری، ئێران پێ دەخاتە ناو گۆڕەپانی پڕسوودی كڕین و فرۆشتنی كەل‌وپەلی سەربازی. وەزارەتی بەرگری دەبێت خۆی بۆ فرۆشتنی چەك ئامادە بكات".

دوابەدوای ئەم تویتە زۆری نەخایاند كە ڕادیۆی دەوڵەتیی ئەرمەنستان ئەم بابەتەی لەسەر ماڵپەڕەكەی خۆیان بڵاو كردەوە و نووسی: ئێستا ئەرمەنستان و كۆماری ئارتساخ (وڵاتێكی سەربەخۆی دیفاكتۆیە كە زۆرینەی دانیشتووانی ئەرمەنین لە باشووری ناوچەی قەوقاز) دەتوانن بە شێوەی یاسایی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی "خوردادی-٣" لە ئێران بكڕن و لە بەرامبەر فڕۆكە سیخورییەكانی ئازەربایجان كە لە ئیسرائیل و توركیا كڕدراون بەكاری بێنێت.

محەمەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئێران هەناردەكاری چەكە و دەتوانێت پێداویستیی ستراتیژیكی خۆی لە ڕێگەی وڵاتانی چین و ڕوسیەوە دابین بكات. هەرچەند لە زۆر بوارەوە خۆمان پێداویستی خۆمان دابین دەكەین و تەنانەت هەناردەكاری چەكیشین".

لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، هەر ئەو كاتەی كە باس لە درێژەپێدان بە ئابڵوقە سەربازییەكان دەكرا، ئێران خەریكی پەردەلادان لە سەر دوو موشەكی نوێی كروز و موشەكی زەوی بۆ زەوی بوو.

ئەمیری حاتەمی وەزیری برگریی ئێران لەدوای كۆتاییهاتنی ئابڵوقە سەربازییەكان ڕایگەیاند كە "زۆربەی وڵاتان ئامادەن چەكی ئێرانی بكڕن! ئێمە بێ گومان پێش كڕینی چەك دەمانهەوێ چەك بە وڵاتان بفرۆشین. چەكەكانی ئێمە هەرزان و كارامەن".

كێ چەك و موشەكی ئێرانی دەكڕێت؟

ئایا ئەو قسانە دەبێتە هۆی ڕازیبوونی وڵاتانی تر بۆ كڕینی چەك لە ئێران؟ ئایا ئێران خاوەنی چ چەشنە چەكێكی خۆماڵییە كە خوازیاری دەرەكی هەبێت؟ "ئودۆ شتاینباخ" شارەزا لە كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وتووێژێك لەگەڵ كەناڵی DW ئەڵمانیدا گوتی ژمارەیەكی زۆر كەم لە وڵاتان ئامادەن چەكی ئێرانی بكڕن. بۆ نموونە ڤێنیزوێلا. ئەو وڵاتە سەرەڕای ئابڵوقەكانی ئەمریكا، بەردەوام نەوتی لە ئێران كڕیوە و ئێستاش حەز لە كڕینی موشەكی ئێرانی دەكات.

ئێران شانازی بە پیشەسازیی چەك‌وتەقەمەنی خۆیەوە دەكات، بەڵام ئاشكرایە كە ئێران ناتوانێ لە بازاڕی كەلوپەلی سەربازیدا خاوەنی پێگە بێت و مەحاڵە فرۆشتنی موشەك و چەكی ئێرانی ببێتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ ئەو وڵاتە. ڕەنگە جگە لە چەند وڵاتێكی لاواز و هەژار كە لەگەڵ ئێران سوودی هاوبەشیان لە چوارچێوەی سیاسەتەكانیاندا هەیە، هیچ وڵاتێك ئامادە نەبێ سوپای وڵاتەكەی بە چەكی ئێرانی سازوتەیار بكات. ئێران زۆرتر مەیلی كڕینی چەكی هەیە و ڕەنگە هەر بەو چەكە كڕدراوانەش مامەڵە بكات و دووبارە بیانفرۆشێتەوە.

بۆ نموونە چین و ڕوسیە وەكو هاوپشكێكی ئابووریی ئێران، لە دوای كۆتاییهاتنی ئەو ئابڵوقانە ئامادەن چەك بە ئێران بفرۆشن، بەڵام بە هیچ شێوەیەك نابنە كڕیاری چەكی ئێرانی. هاوكاریی سەربازیی نێوان چین و ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو لە میدیاكانیشدا باس ناكرێت. لە بەر ئەوەی ئەمریكا ئابڵوقە نەخاتە سەر كەرتی بەرهەمهێنانی چەك‌وتەقەمەنی چین، دان‌وستانە سەربازییەكانی نێوان دوو وڵاتی چین و ئێران زۆر بە شاراوەیی بەڕێوە دەچێت. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان چین بۆ فرۆشتنی سیستمی بەرگری موشەكیی FD2000 و LY80ی خۆی بە ئێران خەریكە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران دەكات.

حیزبوڵڵای لوبنان وەكو گرووپێكی میلیشیای شیعە و ڕێكخراوێكی تیرۆریستی، هەمیشە لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە لەلایەن ئێرانەوە پڕچەك كراوە. دەزگای هەواڵنێری فەڕانسە لە سەر زاری سەرچاوەیەكی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاند كە حیزبوڵڵا ئێستا ١٠٠ بۆ ٢٠٠ هەزار موشەكی كورت مەودا و سەدان موشەكی درێژمەودای هەیە كە لە ڕاستیدا هی ئێرانن. یان حووسییەكانی یەمەن (انصارالله) كە بزووتنەوەیەكی سیاسیی شیعە مەزهەبە، دوای پەرەسەندنی شەڕ و پێكدادان لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١١، هەر لە لایەن ئێرانەوە بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی یەمەن پشتگریی سەربازی و داراییان لێ كراوە.

جێگەی ئاماژەدانە كە ٣ مانگ لەمەوبەر لە ڕۆژهەڵاتی یەمەن، لە نزیك پارێزگای "المهرا‌و" هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكی پڕ لە چەك و كەرەستەی سەربازیی ئێرانی لەلایەن هێزەكانی ‌عەرەبستانی سعودی بڵاو بۆوە كە چەكی بۆ انصارالله دەگواستەوە. باری كەشتییەكە پێكهاتبوو لە ١٣٠٠ پارچە چەكی سووك و قورس.

مانگی ڕابردوو ڕۆژنامەی "المشرق" لە ڕاپۆرتی "پڕۆژەی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێكخراوەكان"دا باسی لەوە كرد كە بەڵگەكان نیشاندەری ئەوەن انصارالله خەریكە لە ڕێگەی تۆڕە مافیاییەكانەوە بە شێوەی قاچاغ چەك بۆ سۆمالی دەنێرێت. ناردنی چەكی نایاسایی بۆ ئەفریقا لە لایەن حووسییەكانەوە نیشاندەری ئەوەیە كە ئێران، وڵاتی یەمەنی كردووە بە سەنتەرێك بۆ هەناردەكردنی چەك و كەلوپەلی سەربازی بۆ گروپە تیرۆریستییەكان. (سۆمالی پێگەی سەرەكی گرووپی تیرۆریستی الشباب ـە، گروپێك كە خۆی بە لقێكی ئەلقاعیدە دەناسێنێت. ئەو گروپە لە ساڵی ١٣٧١ەوە لە لایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە ژێر ئابڵوقەی سەربازیدایە).

ئەوەش یەكەم نموونە و ئاخر نموونەی قاچاغی كەل و پەلی سەربازیی ئێران نییە كە لێرەدا ئاماژەی پێ كراوە. ئێران هەمیشە سوور بووە لە سەر پاڵپشتیی كردنی ئەم گرووپە تیرۆریستییە و ئابڵوقەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی بە هەند وەرنەگرتووە. قاچاغی چەك‌وتەقەمەنی لە لایەن ئێرانەوە بۆ یەمەن و ئافریقا دەیسەلمێنێت كە ئەم وڵاتە لە چ ئاستێكدا ئاسایش و ئارامیی وڵاتانی ناوچەكە و بازرگانیی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر مەترسی و چۆن بە ئاشكرا یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل دەكات.

بە پێی ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەی المشرق، ڕژێمی ئێران بە كڕین یان ناردنی چەك بۆ وڵاتانی دیكە، بڕیارنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر بنەمای قەدەغە كردنی كڕینی چەك لە ئێران و ناردنی چەك بۆ ئەو وڵاتە پێشێل كردووە كە بریتین لە بڕیارنامەی ١٧٣٧ لە ساڵی ١٣٨٥، بڕیارنامەی ١٧٤٧ لە ساڵی ١٣٨٦، بڕیارنامەی ١٣٢٩ لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی دا.

سەرچاوەكان:

المشرق، بەشی فارسی

العربیە، بەشی فارسی

DW ی ئەڵمانی

Khabaronline



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
خەڵک و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هەڵبژاردن گەیشتوون بە یەک خاڵی هاوبەش
ستراتیژی خامنەیی بۆ بەردەوامی لە دەسەڵاتی دیکتاتوری
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی